بۆر
ئەم وتارە ئاماژەی بە ھیچ سەرچاوەیەک نەداوە. تکایە بە دانانی ئاماژە بۆ سەرچاوە بڕواپێکراوەکان، ئەم وتارە باشتر بکە. دەقە بێسەرچاوەکان لەوانەیە داوای سەرچاوەیان لێ بکرێت یان لاببرێن. |
(،) بۆر نیشانەی پشوویەکی کورتە، لەو شوێنە دادەنرێت کە وا لە ڕستەکە بکات ئاسان بخوێنرێتەوە، ڕوون بێت و بەباشی تێبگەیەنرێت. بۆر، چارەسەرێکی باشە بۆ ڕستەی دوورودرێژی پشووبڕ.
بەکارھێنان
[دەستکاری]- لە دوای ناوی بانگکراوەوە، وەک:
کچینە، ھەوڵ بدەن، بە ھەوڵدان دەگەنە ئامانج.
- لە نێوان جێگر و جێلێگیراودا، وەک:
مەستوورەی کوردستانی، ھۆنەر و مێژوونووس، لە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا دەژیا.
- لەو شوێنانەی کە ژماردن و دووپاتبوونەوەی تێدایە، وەک:
خوێ، ڕۆن، پیاز و برنج ھەموو ئەو شتانەیە کە پێویستن. زانیارییەکی باش، باشی ھەبوو.
- بۆ جیاکردنەوەی وشەی سەرسوڕمان و وشەی بانگلێکراو لە ڕستەدا، وەک:
ئۆف، چ ھەوایەک! پێنووسەکەم بدەرێ، ئاسۆ.
- بۆ دابڕینی زنجیرە وشەیەک لە یەکتر، کە دوو دوو و پێکەوە بەکار ھێنرابن، وەک:
پێشمەرگە بە برسییەتی و تینوویەتی، بە ھیلاکی و ماندوویەتی، کۆڵی لێ نادات.
- لە دوای گێڕانەوەیەکی ڕاستەوخۆ، بۆ نموونە ئەگەر قسەکەر، قسەیەکی کۆنی خۆی بگێڕێتەوە، وەک:
خۆم وتم، "چێکردنی ماڵپەڕ زۆر ئەستەم نییە."
- لە پێش ئامرازی لێکدەری (وە، یا، یان) ەوە، بە مەرجێک نەکەوتبێتە سەرەتای ڕستەوە، وەک:
نە تۆ ھاتبووی بۆ کۆبوونەوەکە، وە نە ئاراسی ھاوڕێت. یا نامەکە بنووسە، یان پەڕتووکەکە بخوێنەرەوە.
- لە دوای وشەی (بەڵێ، نە و نەخێر) ەوە، وەک:
بەڵێ، نامەکەم نارد. نە، لەو کاتەدا ناتوانم بەشدار بم.
- لە باتیی فرمانێک بۆ ئەوەی دووپات نەبێتەوە، وەک:
من دەچم بۆ سلێمانی و ئەویش، بۆ ھەولێر.
- لە ڕستەی لێکدراودا، دەتوانرێت لە بری ئامرازی لێکدەری (و) بەکار بھێنرێت، وەک:
شنۆ ویستی بچێ بۆ شایی، جلی لەبەر کرد، خۆی ڕازاندەوە، تەلەفۆنی لە ھاوڕێکانی کرد، یەکیان گرت، خۆیان گەیاندە شایییەکە.
- دەتوانرێ لە بری (کە) ی لێکدەر لە ڕستەدا بەکار بھێنرێت، وەک:
پێم خۆشە، پێکەوە بچین بۆ سینەما. سوپاست لێ دەکەم، سەرت لێ دام. سەرنج: بۆر، دەبێ بلکێنرێ بە وشەکەی پێشیەوە و بۆشاییی ھەبێ لەگەڵ وشەی دوایدا.
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە بۆر تێدایە. |